بەش ٢٦
بەهەشت دەگەڕێندرێتەوە!
بەهۆی پادشاهێتییەکەیەوە کە پادشاکەی عیسای مەسیحە، یەهوە ناوی خۆی پیرۆزدەکات، مافی سەروەرییەتی خۆی دەسەلمێنێ، هەروەها هەرچی خراپە نایهێڵێ
دوابەشی پەرتووکی پیرۆز کە پێی دەوترێ بینین، لەلایەن یۆحەننای نێرراوەوە نووسراوە، هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ، ئەو پەرتووکە بریتییە لە کۆمەڵێك بینین کە بەدیهاتنی مەبەستەکانی خودا بەلووتکەی خۆیان دەگەن.
لەیەکەم بینیندا، عیسا کە لە مردن زیندوو کرابووەوە ڕاسپاردەو ڕاستکردنەوەی هەندێك لە کۆمەڵانی مەسیحی دەکات. بینینی دواتر ئێمە یەکسەر دەباتە بەر تەختی پادشاهێتی ئاسمانی خودا، لەو شوێنەی کە ڕۆحە ئافەریددراوەکان ستایشی خودا دەکەن.
لەکاتێکدا مەبەستەکانی خودا بەرەو پێش دەڕوا، بەرخەکە، کە عیسای مەسیحە، پەرتووکێکی لولکراوی وەرگرت کە حەوت مۆری لێدرابوو. لەگەڵ کردنەوەی چوار مۆرەکەی یەکەم، هێمایانە سوارئەسپێك لەناکاو لەسەر دیمەنی جیهان دەرکەوت. یەکەمیان عیسای مەسیحە کە لەسەر ئەسپێکی سپییەو تاجێکی پادشایی لەسەرە. سوار ئەسپەکانی داهاتوو کە ڕەنگی جیاوازیان هەیە، وێنەیەکی پێشبینیانەن لە جەنگو برسێتیو نەخۆشی کە هەموو ئەم شتانە لە کۆتایی زەمانە ڕوودەدەن. کردنەوەی مۆری حەوتەم بوو بە لێدانی حەوت کەڕەنا (زوڕنای جەنگ) ی هێمایی، کە واتای ڕاگەیاندنی داداگایی خودایە. ئەمە دەبێتە هۆی حەوت بەڵای هێمایی یان دەربڕینی توڕەیی خودا.
پادشاهێتی خودا، لە ئاسماندا دامەزرێندرا کە لە وێنەی منداڵێکی نێرینەی تازە لەدایك بووە. شەڕ دەستی پێکردو شەیتانو فریشتە بەدکارەکانیشی فڕێدرانە خوارەوە بۆ سەر زەوی. بەدەنگێکی بەرز ووترا، «قوڕ بەسەر دانیشتوانی زەوی». شەیتان تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە دەزانێ کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە (بینین ١٢:١٢).
یۆحەننا عیسای مەسیحی وەك بەرخێك لەئاسماندا بینی، هەروەها لەگەڵیدا ١٤٤٠٠٠ کەس ئەوانەی لە نێوان مرۆڤدا هەڵبژێردراون. ئەوانە وەك پادشایان لەگەڵ عیسای مەسیح فەرمانڕەوایی دەکەن. پەرتووکی بینین ئاشکرایدەکات کە ئەندامانی بەشی دووهەمی نەوەکە سەرجەمیان دەگاتە ١٤٤٠٠٠ کەس (بینین ١٤:١؛ ٢٠:٦).
فەرمانڕەوایانی زەوی بۆ جەنگی هەرمەگەدون کۆدەکرێنەوە، کە «جەنگی ڕۆژی خودای توانادارە». دەکەونە شەڕ لەگەڵ ئەو کەسەی کە سواری ئەسپێکی سپی بووە، کە عیسای مەسیحەو سەرکردایەتی سوپای ئاسمانی دەکات. هەموو فەرمانڕەوایانی جیهان لەناو دەبرێن. شەیتان دەبەسترێتەوەو عیسای مەسیحو ١٤٤٠٠٠ کەسەکە بۆ ماوەی «١٠٠٠ ساڵ» فەرمانڕەوایی بەسەر زەویدا دەکەن. لە کۆتایی هەزار ساڵەکەدا شەیتان بۆ هەمیشە لەناودەبرێ (بینین ١٦:١٤؛ ٢٠:٤).
ئایا ئەو فەرمانڕەوایەتییە هەزار ساڵییەی عیسای مەسیح و هاوفەرمانڕەوایانی چی بۆ مرۆڤی گوێڕایەڵ بەدی دەهێنێ؟ «خودا هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوەو مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غەمو هاوارو ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەر چوون» (بینین ٢١:٤). زەوی دەبێت بە بەهەشت!
کەواتە پەرتووکی بینین پەیامی پەرتووکی پیرۆز تەواو دەکات. بەهۆی پادشاهێتییە دەستنیشانکراوەکە، ناوی یەهوە پیرۆز دەکاتو مافی سەروەریەتییەکەی بۆ هەمیشە دەسەلمێنێ!
بەگوێرەی پەرتووکی بینینی یۆحەننا.