بەش ٣
مرۆڤایەتی لەتۆفان ڕزگاری بوو
خودا جیهانی بەدکاری لەناوبرد بەڵام نوحو خێزانەکەی ڕزگارکرد
لە کاتێکدا مرۆڤ رێژەی زۆر بوو، گوناهو بەدکاری بەخێرایی لەسەر زەوی بڵاوبووەوە. تەنها پێغەمبەرێك کە ناوی ئەخنوخ (ناسراو بە ئیدریس) خەڵکی ئاگاداردەکردەوە کەوا ڕۆژێك دێت خودا بەدکاران لەناودەبات. بەدکاری هێشتا هەر زاڵ بوو، تەنانەت بەرەو خراپتر دەچوو. هەندێك لە فریشتەکان لەخودا هەڵگەڕانەوەو شوێنی دیاریکراویان لەئاسمان بەجێهێشت لاسایی مرۆڤیان دەکردەوە لەسەر زەویو بەچاوچنۆکییەوە ژنی سەرزەویان دەکردە هی خۆیان. ئەو یەکگرتنە ناسروشتییانە بوو بەهۆی بەرهەم هێنانی منداڵی دووڕەگ کە زۆر زەبەلاح بوونو پێیان دەوتن نەفلیێم کە توندوتیژیو خوێنڕشتنیان زۆرتر کرد. ئەمەش دڵی خودای ناخۆشکرد کە بینی ئافەریدەکەی لەسەر زەوی بەرەو ڕوخان دەچێت.
دوای مردنی ئەخنوخ، پیاوێکی تر هەبوو کە بەتەواوی لەو جیهانە بەدکارەی ئەوکاتەدا جیاوازتربوو، ناوی نوح بوو. خۆیو خێزانەکەی هەوڵیان دەدا هەرشتێکی کە لەبەرچاوی خودا باشە ئەوە بکەن. لەکاتێکدا خودا بڕیاریدا ئەو مرۆڤە بەدکارانەی ئەو جیهانە لەناوببات، ویستی نوحو ئاژەڵە ئافەریدکراوەکانی سەرزەوی بپارێزێت. بۆیە خودا فەرمانی پێدا کەشتییەکی لاکێشەیی گەورە دروستبکات. تیایدا نوحو خێزانەکەیو هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە جۆری ئاژەڵان لەوکاتەی کە لافاوەکە جیهان دادەپۆشێ بەزیندووی دەمێننەوە. نوح گوێڕایەڵی خودا بوو. لەو دەیان ساڵانەی کە نوح کەشتییەکەی دروستدەکرد، هەروەها «مزگێنیدەری راستیودروستی بوو» (٢ پەترۆس ٢:٥). ئەو خەڵکی دەربارەی هاتنی لافاوەکە ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەوان بایەخیان بەو ئاگادارکردنەوەیە نەدا. کاتی ئەوە هات نوحو خیزانەکەیو ئاژەڵەکان بچنە ناو کەشتییەکەوە. خودا دەرگای کەشتییەکەی بەدوادا داخستنو باران دەستی پێکرد.
باران بەلێشاو دەهاتەخوارێ بۆماوەی ٤٠ شەو و ڕۆژ تاکو هەموو زەوی داپۆشی. بەدکاران لەناوچوون. چەند مانگێك دواتر، کاتێك ئاستی ئاوەکە دابەزی، کەشتییەکە لەسەر کێوێك خۆی گرتەوە. کاتێك ئەندامانی ناو کەشتیەکە بەساغی هاتنەدەروە، ماوەی ساڵێکیان تێدا بەسەر بردبوو. وەك سوپاسگوزارییەك، نوح قوربانییەکی پێشکەشی خودا کرد. خودا بەدەنگی نوحەوە هاتو بەڵێنی پێدان کە ئەو هەرگیز جارێکی تر لافاوێکی لەو شێوەیە بۆ لەناوبردنی هەموو زیندەوەران لەسەرانسەری زەوی بەکارناهێنێ. بۆدڵنیاکردنەوەی پەیمانەکە لەگەڵ نوح خودا پەلکەزێڕینەی بەدیهێنا کە بەڵگەیەکی لەبەرچاوە.
دوای لافاوەکە، خودا چەند فەرمانێکی نوێی بە مرۆڤدا. ڕێگای بە خواردنی گۆشتی ئاژەڵان دا، بەڵام خواردنی خوێنی لێ قەدەغەکردن. هەروەها فەرمانی بە نەوەکانی نوحی دا بەسەر پانایی زەویدا بڵاوبنەوە، بەڵام هەندێك لەوانە گوێڕایەڵی خودا نەبوون. خەڵکی لەژێر سەرکردایەتی کەسێك بەناوی نەمرود یەکتریان گرتو دەستیان کرد بەدروستکردنی تاوەرێکی مەزن لە شاری بابل کە دواتر بە بابلیۆن ناسرا. مەبەستیان لەمە ئەوەبوو بەربەرەکانی فەرمانەکانی خودا بکەن کە پێی فەرمووبوون بەسەر پانایی زەویدا بڵاوببنەوە. خودا زمانی قسەکردنی ئەوانی شێواند لەئاکامدا بەزمانی جۆراوجۆر قسەیان دەکردو بەم جۆرە پیلانی ئەوانی پووچەڵ کردەوە. ئیتر توانای پەیوەندیکردنیان لەگەڵ یەکتر نەبوو و پرۆژەکەیان وازلێهێناو پەرتوبڵاو بوون.
بەگوێرەی پێکهێنان بەندی ٦ تا ١١؛ یەهوزا ١٤، ١٥.